٢٢ ئازار ٢٠١٧ - ٢٢:١٢
لە هێرشێک لە لەندەن چوار کەس کوژران و 20ی تریش بریندار بوون +وێنە

چوار کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون، یەکێک لەوانەی کە کوژراوە پۆلیسە.

پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، لە هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی نزیک پەرلەمانی بەریتانیا، چوار کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون، یەکێک لەوانەی کە کوژراوە پۆلیسە.

بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت .ع. ابنا: ماک رۆلی، سەرۆکی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، سەبارەت بە رووداوەکەی نزیک پەرلەمانی بەریتانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند "لە رووداوەکەی نزیک پەرلەمانی بەریتانیا ، چوار کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش برینداربوو، لەنێو کوژراوەکاندا پۆلیسێک و سێ کەسی دیکەش هەن".

سەرۆکی پۆلیسی دژەتیرۆری لەندەن، راشیگەیاند "دوای ئەوەی هێرشکارەکە بە ئۆتۆمبێل خۆی لە هاووڵاتیان داوە، ویستوویەتی بچێتە نێو پەرلەمانی بەریتانیا، دوای ئەوەی بە چەقۆ پۆلیسێک برینداردەکات و پاشان لەلایەن پۆلیسەوە دەکوژرێت".

پۆلیسی لەندەن داوا لە خەڵک دەکات هاوکاری زیاتریان بکات لە پێدانی هەر زانیارییەک، دەشڵێت "دژە تیرۆری بەریتانیا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر رووداوەکە دەستپێکردە و لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە".


ئەو رووداوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و هەریەکە لە ئەمریکا و فەرەنسا ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

رۆژی چوارشەممە 22-3-2017، لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا کەسێک بەچەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیسێک و بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە "تەقە لە هێرشبەرەکە کراوە و پاشان کوژراوە". دواتریش هێزەئەمنییەکان لەنزیک پەرلەمان بڵاوەیان پێکرا. بەهۆی رووداوەکەش چوار کەس کوژران و 20 کەس دیکەش برینداربوون.


لەدوای رووداوەکە رێگەکانی نزیک پەرلەمانی بەریتانیا داخران، هێزە ئەمنییەکان لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا بڵاوەیان پێکراوە، تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستیش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بەشێک لە بریدارەکان بە هەلیکۆپتەر گوازرانەوە نەخۆشخانە.

شایەتحاڵێک لە سەرەتای تەقەکردنەکە لە شوێنی رووداوەکە بوو، راگەیاند "من سەرەتا گوێم لە تەقەیەکی زۆر بوو، دواتر بینیم سێ کەس لەسەر شەقامەکە کەوتوون، بەڵام هیچ کەسێکم نەبینی چەکی پێبێت و تەقە بکات، وە هیچ کام لە هێرشبەرەکانیشم نەبینیووە".

...............